١٢ شوبات ٢٠١٧ - ٠٨:٥١
حەوت هیزی حەشدی شەعبی شەهید کران و ١٠ی تری بەدیل کیران

شەوی ڕابردوو ١١ی شوباتی ٢٠١٧ داعش لە ناوچەی نەدای نەفتخانە بۆمبێکی بە کاروانێکی چەکدارانی حەشدی شەعبیدا تەقاندەوە و بەهۆی تەقینەوەکەشەوە حەوت چەکدار کوژران

لە ناوچەی نەدای نەفتخانە لە سنوری خانەقین داعش حەوت چەکداری حەشدی شەعبی کوشت و ١٠ی تری بەدیل گرت.

پەیامنێری ابنا سەرچاوەیەکی پێشمەرگە لە سنورەکە وتی، شەوی ڕابردوو ١١ی شوباتی ٢٠١٧ داعش لە ناوچەی نەدای نەفتخانە بۆمبێکی بە کاروانێکی چەکدارانی حەشدی شەعبیدا تەقاندەوە و بەهۆی تەقینەوەکەشەوە حەوت چەکدار کوژران.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای تەقینەوەکە داعش هێرشی کردە سەر کاروانەکەی حەشدی شەعبی لە ئاکامدا ١٠ چەکداری لێ بەدیل گرتن.

ئەوەش دوای ئەوە هات کە کاروانەکەی حەشدی شەعبی بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکانی نەدا و نەفتخانە و ئیمام وەیس ڕۆیشتبوو، بەو پێیەی ماوەیەکە داعش لەو ناوچانەدا جموجوڵی دەستپێکردووە.

ڕۆژی ٢٥ی مانگی ڕابردووش، چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر کۆمپانیای حامورابی کە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی نەوتە لە مەندەلی و چوار کرێکاری کۆمپانیاکەیان فڕاند.

لەماوەی ڕابردوودا چەندجارێک ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان چەکدارانی داعش و حەشدی شەعبیدا لە نەفتخانە ڕوویداوە و چەکدارانی داعش هێرش دەکەن و لە شوێنەکە نامێننەوە، هاوکات ئەو یەکەیەکی حەشدی شەعبیش کە لە خانەقین دامەزراوە کوردی ناوچەکەن.